|
دوورگه | ||
|
[ 90/10/24 ] [ ] [ کاوه محه‌مه‌دزاده ]
بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته سه‌ردانی وێبلاگی نیشگون (کۆڕی مامۆستایانی لاو)بکه‌ن. [ 90/09/08 ] [ ] [ کاوه محه‌مه‌دزاده ]
( له گێڕانه‌وه وه‌رگیراوه)
هێواش ده‌ستی نا به ده‌رگاکه‌وه، ده‌رگا پاش جیڕه‌یه‌کی چکۆله، به‌سترا و وه‌کوو چاوی نوستوو بێده‌نگ بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی کراسه‌که‌ی داکه‌ن گوێی دایه کۆکه‌کانی باوکی له پلیکانه‌کانه‌وه هاته سه‌رێ. ده‌یویست چاوی به داهاتوویه‌کی سه‌یر بکه‌وێ که به سه‌ر سینگیه‌وه وه‌کوو خاڵ روابوو. زۆر جار ناچار ده‌بوو بڕوا بکات شه‌ڕ زۆریش خراپ نییه. جریوه‌ی چۆله‌که‌کان له حه‌وشه‌دا شه‌ڕێکی بێ بڕانه‌وه بوو له سه‌ر ترێ گه‌یشتووه‌کانی باخچه‌ی نێو حه‌وشه. باوکی ده‌کۆکی و ده‌یوت: - شه‌ڕی ئه‌وانه له ئاشتی مرۆڤ خۆشتره. به‌ڵام ئێستا ئه‌و بیری له بێده‌نگییه‌ک ده‌کرده‌وه که بتوانێ خۆی ببینێ و خه‌یاڵی تا ئه‌وپه‌ڕی ژیان که بێگومان ژیانێکی خۆش بوو، وه‌کوو په‌تێک که به توندی داخزێته نێو ئاوێکی قووڵه‌وه. دووگمه‌کانی کرده نێو ده‌لقێکه‌وه و ده‌لقه‌که‌ی خسته نێو قوتوویه‌کی چکۆله‌وه که چه‌ن جۆره دووگمه‌ی تێدا بوو. پارچه‌که‌ی به‌رده‌ستی وه‌کوو مردوویه‌ک له سه‌ر میزه‌که راکشێندرابوو، ئه‌و له‌و رووداوه بیری ده‌کرده‌وه که نه‌ده‌با له‌وه زیاتر درێژه‌ی پێ بدرێت. زۆر جار خۆیشی هه‌ستی ده‌کرد له ژێر پاساوی نائه‌خلاقی بووندا ویستبووی دیسانه‌وه داگیری بکاته‌وه بۆ خۆی. رووداوه‌کان وه‌کوو جندۆکه‌یه‌ک به ده‌ورییه‌وه بوون و نه‌یانده‌هێشت خه‌ریکی کاره‌کانی بێ. نیوه‌ڕۆ نزیک ده‌بووه‌وه و ئه‌و به ته‌مای ناڵه‌ی باوکی بوو. ره‌نگه ئه‌و ره‌نجه‌ی باوکی شتێکی سوێنه‌ر بووبێ، به‌ڵام به‌و ده‌نگه راهاتبوو و کاتێک ده‌یبیست به‌و مانایه تێده‌گه‌یشت که باوکی چاکتر بۆ‌ته‌وه. زیاتر بخوێنه‌وه [ 90/04/01 ] [ ] [ کاوه محه‌مه‌دزاده ]
لێره دوورم بخه‌وه
(له گێڕانه‌وه وه‌رگیراوه) "ژاکاو" کوتی: نازانم بۆ خه‌ڵک ئه‌وه‌نده پێویستیان به‌و شتانه‌یه وا ئێمه هه‌مانه؟ "فریا" له مه‌به‌سته‌که‌ی تێگه‌یشت بۆیه به ده‌نگی به‌رز پێکه‌نی. ده‌ستی نایه سه‌ر زگی، ده‌تکوت له‌وه ده‌ترسێ پێستی زگی بپچڕێ و ریخۆڵه‌ی بڕژێته سه‌ر فه‌ڕشه‌که. له سێ رۆژ له‌مه‌وبه‌ره‌وه که هاتبوونه ئه‌م گه‌ڕه‌که، هه‌وه‌ڵ جار بوو هه‌ر دووکیان پێده‌که‌نین. له پڕ زڕه‌ی زه‌نگی ده‌رگاکه هات. هه‌ر دووکیان په‌شۆکان و بێده‌نگ بوون. ده‌تکوت له‌وه‌ی پێکه‌وه پێده‌که‌نن، شه‌رمه‌زاربوون. ژاکاو دایم ده‌یکوت "بۆ ده‌بێ ئه‌م خه‌ڵکه ئه‌وه‌نده کاریان به ئێمه بێ؟" ژاکاو پاش ئه‌وه دوگمه‌ی کردنه‌وه‌ی ده‌رگاکه‌ی لێدا، ده‌رگای هاڵه‌که‌ی کرده‌وه و له به‌ر هه‌یوانه‌که‌دا ده‌ستی گرت به په‌رژینه ژه‌نگاوییه‌کانه‌وه. چاوه‌ڕوان بوو سیمای ئه‌و که‌سه‌ی وا زه‌نگی ده‌رگاکه‌ی لێدابوو، ببینێ. جیڕه‌ی ده‌رگاکه ته‌واو بوو، پیاوێک له پشت ده‌رگاکه هاته ئه‌م لاتره‌وه. سه‌یری لای چه‌پی ده‌رگاکه‌ی کرد. به قه‌د گه‌زێک له لێواری ده‌رگاکه ترازا. ده‌رگاکه‌ی به‌ست و پاڵیدا به له‌شی ئاسنین و داغی ده‌رگاکه‌وه. نیگای له ریشه‌ی دارباده‌م و پۆپه مێوه‌کانه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد. پاشان سه‌یری بۆڵه‌ترێکانی کرد که به قه‌د داره‌سێوه‌که‌ی حه‌وشه‌دا شۆڕ ببوونه‌وه. مێوه‌که‌یان کردبوو به باڵای داره‌سێوه‌که‌دا و ته‌واوی پانایی حه‌وشه‌که‌ی داپۆشیبوو. لقی سه‌وز و کاڵی داره‌کان تێکه‌ڵی ته‌لی ته‌له‌فوون و کاره‌با ببوو. ده‌تکوت چاره‌نووسی ژیانی نوێیه، که‌س ناتوانێ له ده‌ستی هه‌ڵبێت. به دیتنی ژاکاو ده‌می پان کرده‌وه و پێکه‌نی. کوتی: خانمه جوانه‌که چۆنی؟ چاکی؟ "ئا" و "ێ"کانی کێش ده‌هێنا. به‌و جۆره خه‌ریکی نازێکی شه‌رمێونانه بوو و ده‌یویست شتێک به ژاکاو حاڵی بکات. چاوی لار کرده‌وه و نیگای به نێو حه‌وشه‌که‌دا گه‌ڕاند. ته‌نانه‌ت سووچه تاریکه‌کانیشی بینی. ژاکاو له به‌رهه‌یوانه‌که‌دا بێئۆقره راوه‌ستابوو. نه‌یده‌ناسی و نه‌یده‌زانی بۆچی هاتووه‌ته ژوورێ. پرسی: کارت به کێیه؟ بڕۆ ده‌رێ ئێمه نه‌خۆشمان هه‌یه!
زیاتر بخوێنه‌وه [ 90/02/14 ] [ ] [ کاوه محه‌مه‌دزاده ]
بوردمان
به بڕوای من "فه‌ته گه‌نجی" پیاوێکی مێهره‌بان بوو به‌ڵام له‌گه‌ڵ که‌س قسه‌ی نه‌ده‌کرد. کاتێک که‌سێ رووی له ماڵه‌که‌ی ده‌کرد، وه‌کوو گورگێکی پیر له به‌ر خۆیه‌وه ده‌یمڕاند و خرته‌ی هه‌نگاوه‌کانی ده‌هات، که له په‌ستا له پشتی ده‌رگاکه نزیکتر ده‌بووه‌وه. به دیتنی به‌رد یان کووزوویه‌کی سه‌یر له نێو ده‌ستی میوانه‌که‌یدا، له به‌ر ده‌رگاکه وشک ده‌وه‌ستا. سیگاره‌که‌ی داده‌گیرساند و به شادییه‌وه ده‌یگوت: - خه‌ریکه قسه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌کات. گوێ بده. کاتێک ئه‌و شه‌وه پێکه‌نینیم بینی، ده‌مه خاڵییه‌که‌ی له تاریکایی ژووره‌که‌یدا، زاری کیسه‌ڵێکی ده‌هێنا به‌رچاو وا خه‌ریکی پێکه‌نینه. به‌و جۆره هه‌مووی بێده‌نگ ده‌کرد و ناچاری ده‌کردن گوێ بده‌نه ویزه‌ی ده‌نگێکی که‌ڤن، که له دڵی کوزووه‌که‌وه ده‌هاته ده‌رێ. قه‌ت شتێکی وه‌ها نه‌بیسترا، به‌ڵام هه‌موو دایم به ته‌ما بوون ئه‌و ده‌نگه ببیستن. دووکه‌ڵی سیگاره‌که‌ی له نێو سییه‌کانییه‌وه فوو ده‌کرده نێو شته‌کان، به‌ڵام ته‌وفیری نه‌ده‌کرد. باوکم سه‌ری نایه سه‌ر لێواری پشتییه‌که‌ی و گوتی: - دانه‌ی په‌نجا تمه‌ن! "ئه‌ژین" زوو له سه‌ر رانی باوکم دانیشت و باوشی کرد به گه‌ردنی باوکمدا. له توڵه‌سه‌گێک ده‌چوو که‌لله‌ی گایه‌ک رابکێشێ. باوکم گوتی: - سمێڵ نا، ته‌نیا ناو ریشم بگه‌ڕێ. چاوی مۆله‌ق وه‌ستابوو و له به‌ر ئه‌وه‌ی رووناکیی گڵۆپی بن میچه‌که نه‌داته نێوچاوی، هه‌ردوو چاوی به‌ستبوو. دوای ماوه‌یه‌ک باوکم لێم ورد بووه‌وه و گوتی: - تۆ بۆچی نایه‌ی؟ پاره نییه ها! به تووڕه‌ییه‌وه گوتم: "سه‌رم دێشێ".
زیاتر بخوێنه‌وه [ 90/01/04 ] [ ] [ کاوه محه‌مه‌دزاده ]
گه‌ڕان به دوای "هیچ"دا (چیرۆکی دووهه‌م)
وه‌کوو ئه‌وه‌ی شتێک له زاریدا تام بکات، ده‌می جوولانده‌وه و گوتی: - نێوه‌که‌ت خۆی ترسێنه‌ره. جوانتر وایه بڵێین به شکۆیه. هه‌ڤاڵه‌که‌ی پێی کوتایه زه‌ویدا، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ره‌قولی شه‌رواڵه‌که‌ی، که‌وشه‌کانی داپۆشێ. پاشان گوتی: - وشه‌ی "هێرش" هانت نادا هرووژم ببه‌یته سه‌ر که‌سێک؟ کاتێک زاری ده‌جوولانده‌وه، سمێڵه ورد و پڕه‌که‌ی، که وه‌کوو تۆپه‌ڵێکی ره‌ش به به‌ر ده‌میه‌وه بوو، ده‌جوولایه‌وه. تکمه‌ی کراسه‌که‌ی کردبووه‌وه و تووکی سه‌ر سینگی له ژێرییه‌وه هاتبووه ده‌رێ.گوتی: - با، خه‌ریکم خۆم ساز ده‌که‌م بۆ هێرشێکی نوێ. قاقا پێکه‌نین و سووکیان ده‌دا به‌و که‌سه فه‌ڕزییه‌ی وا له به‌رده‌میاندا وه‌ستابوو. هێرش له سه‌ر لێواری ناسکی نێوان گاڵته و توندوتیژی دا وه‌ستابوو. نه‌یده‌توانی به‌ڵێنێکی پته‌و بدات. هه‌ستی ده‌کرد گاڵته‌ی له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن. تووکنه‌که‌یان گوتی: - هێرش گیان! به راستی بمانبووره. ویستمان گاڵته‌یه‌ک بکه‌ین. وانییه "ئاکام"؟ "ئاکام" هه‌ردوو ده‌ستی کردبوو به گیرفانی شه‌رواڵه‌که‌یدا و ده‌یڕوانییه بینا به‌رزه‌کانی ده‌ورانده‌وری شه‌قامه‌که. گڵۆپه هه‌ڵکراوه‌کان، ته‌واوی شه‌قامیان روون ده‌کرده‌وه. لانیکه‌م تا به‌رزاییه‌کی به‌رچاو رۆژێکی ده‌سکرد دروست ببوو. ماشینه‌کان وه‌کوو تیکه‌یه‌ک ئه‌ڵماس ده‌دره‌وشانه‌وه و ون ده‌بوون. تووکنه‌که‌یان گوتی:
زیاتر بخوێنه‌وه [ 89/12/22 ] [ ] [ کاوه محه‌مه‌دزاده ]
گه‌ڕان به دوای "هیچ" دا (چیرۆکی یه‌که‌م)
له کۆڵانێکی قوڕاوی که له پاڵ مزگه‌وتی دوو مناره‌وه ده‌هاته‌وه سه‌ر گه‌وره‌ترین شه‌قامی شار، داپه‌ڕی و هاته سه‌ر پێیانه‌ڕێکه. شه‌قام تا راده‌یه‌کی زۆر بێ ده‌نگ بوو و بێجگه له تاکسییه‌کان، هه‌موو شتێک، به پێی نه‌ریتێکی شاردراوه‌وه، خه‌ریکی حه‌سانه‌وه بوو. به‌ره‌و خوارێ هه‌نگاوی هه‌ڵهێنا و ده‌ستی هێنا به که‌لله‌یدا و ده‌سته ته‌ڕه‌که‌ی ساوی به پشتیدا. دڵۆپه بارانه ورده‌کان وێنه‌ی سپیی گۆڕه‌پانی فه‌رمانداریی له به‌رچاوی لێڵ ده‌کرد. هه‌ستی ده‌کرد زۆر لێیه‌وه دووره. ترسا له‌وه‌ی قه‌ت نه‌گاته نزیکی. که‌وشه زله‌کانی که پێشتر پۆتینی سه‌ربازی بوو، کوتایه سه‌ر موزاییکه رێک و پێکه‌کاندا، به‌ڵکوو قوڕی ژێر پێڵاوه‌کانی خاوێن ببێته‌وه. قوڕه سووره‌که‌ی وه‌کوو هه‌ڵوا ده‌ساوییه سووچی تیژی موزاییکه‌کاندا و له په‌ستا ده‌یڕوانی بزانێ جوان خاوێن بووه‌ته‌وه. به قسه‌کانی چه‌کۆ پێده‌که‌نی، روانیبوویه چه‌کمه‌کانی و گوتبووی: - له چه‌کمه‌ی مێژوو ده‌چن. ئه‌ویش له وه‌ڵامدا گوتبووی: - بۆ هێنده قسه‌ی بێ سه‌ر و بن ده‌که‌ی چه‌کۆ؟!
زیاتر بخوێنه‌وه [ 89/12/04 ] [ ] [ کاوه محه‌مه‌دزاده ]
نووسین له سنووری په‌راوێزدا
چه‌ن رۆژ به سه‌ر رووداوه‌کانی شاری سوله‌یمانی دا تێده‌په‌ڕێ. به‌ر له‌وه‌ی گرینگی بده‌ین به‌و رووداوانه‌ی وا بیستوومانن، ده‌مه‌وێ ئاماژه به‌وه بکه‌م پێش بینی ئه‌و بارودۆخه له‌وێوه ده‌کرا. بۆ خۆم وه‌کوو تاکێک هه‌ستم ده‌کرد ئه‌گه‌ری روودانی رووداوی نوێی وا هه‌یه. کاتێکیش ئه‌و هه‌واڵانه‌م له بڵاڤکه‌ره گشتییه‌کانه‌وه بیست، هیچ به‌و هه‌واڵه نه‌حه‌په‌سام. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ئاماژه‌یه‌کی کلاسیکی به کێشه‌ی به‌ره(generation)کان بکه‌ین، ره‌نگه "ئیبنوخه‌له‌دوون" ده‌سپێکێکی خراپ نه‌بێ. له لای "ئیبنوخه‌له‌دوون"، مه‌ودای هه‌ر به‌ره‌یه‌ک، نزیکه‌ی سی ساڵ له به‌ر چاو گیراوه. ئه‌م پێشنیاره زۆریش له هه‌ڵه ناچێ، ئه‌گه‌رچی به پێی ئه‌زموون و شیکارییه‌کی مێتۆدیک و زانستی نه‌ڕێژراوه. دیاره ورده‌ورده ده‌بێ ئه‌و مه‌ودا سی ساڵه‌ی ئیبنوخه‌له‌دوون له ژێر کارتێکه‌ریی ده‌ره‌کی توانا تێکنۆلۆژیکی و زانستییه‌کاندا، کورت بکه‌ینه‌وه بۆ مه‌ودایه‌کی کورت تر(وه‌کوو بیست یان پانزه ساڵ). له هه‌وه‌ڵین بیرکردنه‌وه‌کانمدا هه‌ستم ده‌کرد ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه وا له کوردستانی ئه‌ودیو رووی داوه، زیاتر جۆرێک "گێره‌شێوێنی" له ئارادا بووه، که ده‌ستێکی ده‌ره‌کی تێدایه. به‌ڵام ئێستا دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ک به سه‌ر رووداوه‌که‌دا تێپه‌ڕیوه و (ره‌نگه)درێژه‌ی هه‌یه، دیتنی ده‌سته‌یه‌ک فاکته‌ر که له په‌راوێزدان، به‌ڵام بۆ وه‌ڵامه‌که گرینگن، ده‌توانن روانگه‌کانمان سه‌باره‌ت به قه‌یرانه‌که بگۆڕن. بۆ من وه‌کوو کوردێکی کوردستانی ئه‌م دیو، ئه‌گه‌رچی له هه‌مووی ئه‌و که‌ند و کۆسپانه‌ی وا له کوردستانی ئه‌ودیودایه ئاگادار بم، بڕواکردن به‌وه‌ی له ژێر سیمای پیرۆز و رازاوه‌ی کوردستانی ئه‌ودیودا، گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تییه‌کی قووڵ نوستووه، زۆر دژواره. هۆکاری ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کێشه‌یه‌کی سایکۆلۆجی، نه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌رکی من له کێشه‌کان به‌راوه‌ژۆ بێ، یان تووشی ده‌مارگرژییه‌کی سیاسی بووبێتم. زیاتر بخوێنه‌وه [ 89/12/02 ] [ ] [ کاوه محه‌مه‌دزاده ]
ژن له شێعری هێمن دا نییه له وه‌ڵامی سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر
راستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه له سه‌رووی ئه‌و ده‌نگه به‌رزانه‌وه وا ده‌ست له سه‌ر ژنانی ئێمه، هه‌ڵناگرن، هه‌ست به فێڵێکی گه‌وره ده‌که‌م. ره‌نگه (و بێ گومان) ته‌واوی ئه‌و ده‌نگه به‌رزانه بیانه‌وێ باسی شتێک بکه‌ن وا نایانه‌وێ هه‌بوونی هه‌بێ. خاڵی کردنه‌وه‌ی ژن له خۆی، وه‌کوو هه‌ڵگرتنی لۆکسییانه‌ی پێستی رێوی که خانانی کۆن راویان ده‌کرد و زۆر جار له به‌رهه‌یوانه‌کاندا هه‌ڵیان ده‌واسی بۆ ئه‌وه‌ی شکۆی خۆیان(که ته‌نیا و ته‌نیا فڕ و فیشاڵ بوو و له‌گه‌ڵ مه‌شروب و تلیاک تێکه‌ڵیان ده‌کرد) به رێبواره‌کان بنوێنن. مێژوو ره‌نگه نه‌یه‌وێ شته‌کان وا ده‌ربخات که دووپاته‌ی یه‌کترن، به‌ڵام وردبینییه‌کی سه‌ربه‌خۆ، ده‌توانێ ئه‌و فێڵانه‌مان بۆ روون بکاته‌وه. نامه‌وێ نووسراوه‌که‌م تێکه‌ڵی باسی هه‌ره‌پووچ و ژورناڵییانه‌ی مافی ژن بکه‌م و ئه‌گه‌ر له هه‌ر شوێنێکی ئه‌م نووسراوه‌دا(ته‌نانه‌ت له دواهه‌مین ره‌سته‌یشدا)به‌وه بگه‌م خه‌ریکم لاده‌ده‌م، راده‌وه‌ستم و نانووسم. نووسین ده‌بێ، زیاتر له نامه‌یه‌کی ئاشقانه بچێ، که تێیدا دمانه‌وێ ماڵئاوایی بکه‌ین له‌و کچه‌ی وا هه‌ستمان ده‌کرد بۆ یه‌کتر ده‌مرین. ره‌نگه ئه‌خلاق دژی ئه‌و هه‌ڵوێسته بێ، به‌ڵام کاتێک بیر له‌و به‌خته‌وه‌رییه ده‌که‌ینه‌وه وا به‌و نامه‌یه ده‌یده‌ین به‌و کچه، بێ گومان ئه‌خلاقیش له‌و زه‌ربه قورسانه‌ی وا ده‌یویست بیکوتێته سه‌رمان، پاشه‌کشێ ده‌کات. لێره‌دایه له پشتی ئه‌و ئه‌خلاقه کانتییه‌وه، ئه‌خلاقێکی به‌رزتر، به‌ڵام شاراوه، که دوای خوێندنه‌وه‌یه‌کی وردبینانه، هه‌ستی پێ ده‌که‌ین، خۆی نیشان ده‌دا. دواتر له‌و "ئه‌خلاقه به‌رز و شاراوه"یه قسه ده‌که‌م[ئه‌م باسه ده‌که‌وێته به‌شی دووهه‌می وتاره‌که]. زیاتر بخوێنه‌وه [ 89/11/09 ] [ ] [ کاوه محه‌مه‌دزاده ]
ونبوو
ژنه‌که ده‌ستی کوتایه سه‌ر لێواری چێوی جێ لیباسه‌که و گوتی: - ناهێڵم، لێم بده. - ته‌نیا ئه‌مجاره، باشه؟ ده‌ستی نابووه سه‌ر ده‌ستی ژنه‌که‌ی، که وه‌کوو چنگی پشیله ده‌سکی ده‌رگای جێ لیباسه‌که‌ی توند گرتبوو. نه‌یده‌زانی هیچ شتێک به قه‌د جله‌کانی بۆ ژنه‌که‌ی گرینگ نییه. - ته‌نیا ئه‌مجاره، سوێند ده‌خۆم. ده‌ستی ژنه‌که له په‌ستا شل بووه‌وه و ئه‌ویش نوقڵی پێکه‌نی. چاڵی گۆناکانی سێبه‌ری ده‌خست و گووپه‌کانی وه‌کوو دوو گڵۆپی چکۆله‌ی لێڵ، ده‌دره‌وشانه‌وه. ده‌ستی گواسته‌وه و بردیه سه‌ر که‌مه‌ری ژنه‌که داینا. گۆشتی نه‌رم و هه‌وه‌ساوی سمته‌کانی هه‌ست پێ‌کرد و ژنه‌که ده‌ستی له ده‌سکی ده‌رگاکه کرده‌وه و قۆڵی ئه‌وی گرت. ده‌نگی هه‌ناسه‌ی ژنه‌که‌ی بیست و ده‌ستی وه‌کوو ده‌عبایه‌کی پێنج پێ هه‌ڵکشان به‌ره‌و لای شان و قۆڵی. - ئه‌گه‌ر دیسان وات کرد چی؟ - هه‌رچی تۆ بڵێی گوڵم. پێکه‌نین و هه‌ردووکیان ده‌یانزانی دیسان رووداوه‌کان روو ده‌ده‌نه‌وه. ده‌ستم هه‌ست به‌وه ده‌کات شتێکی ون کردووه. شتێک له نێویدا بووه و ئێستا لێی ون بووه. قه‌ت شتی وا رووی نه‌داوه. لای هه‌رکه‌س ده‌ڵێم شتێکم ون کردووه، پێده‌که‌نێ و خێسه‌م لێده‌کات. نازانم بۆ خه‌ڵک پێیان وایه من قه‌ت شتێک ون ناکه‌م. ئیمانی ئه‌وان به رێک‌وپێکی من وای خستووه‌ته مێشکیان. خۆ من حۆل نیم به شوێن شتێکدا بخولێمه‌وه وا هی خۆم نییه. هه‌موو که‌س به شوێن ئه‌و شته‌دا ده‌گه‌ڕێ وا هی خۆیه و ونی کردووه. هه‌ر ئێستا ونم کرد، به‌ر له‌وه‌ی له ژووره‌که‌م بێمه ده‌رێ و بڕۆمه‌وه ماڵێ، به‌ڵگه ئیدارییه‌کانم برد بۆ ژووری محه‌مه‌دخانی، له پڕ هه‌ستم کرد شتێک وه‌کوو به‌ڵگه یان شتێکی گرینگترم ون کردووه. زیاتر بخوێنه‌وه [ 89/11/03 ] [ ] [ کاوه محه‌مه‌دزاده ]
|
||